تورکیا لە رێی لیوای سوڵتان مورادەوە شەڕ بە کوردی رۆژئاوا دەفرۆشێ

 

دوای ئەوەی داعش لەبەرانبەر هێزی یەپەگەو یەپەژە بەچۆکداهات و شکستی خوارد، دەوڵەتی ئاکپارتی و خودی ئەردۆگان نائومێد مانەوە، بەڵام بەمەبەستی گورز وەشاندن لە کوردانی رۆژئاوا لیوای سوڵتان مورادی پێکهێناو وەک هێزێکی تورکمانی پێشانی گەلانی سوریای دا. هەرچەندە کە ژمارەی تورکمان لە سوریەدا زۆر کەمن و توانای پێکهێنانی لیواو هێزیان نیە، بەڵام دەوڵەتی تورک، بەتایبەتی ئاکپارتی لە وڵاتانی تورکزمانەوە خەڵکی بۆ هێنان و ژمارەیەک کوردی ناپاکیشی بۆ کۆکردنەوە، بەهەموو شێوەیەک هاوکاری ئەو لیوایە دەکات، چەک و تەقەمەنی هەمەجۆریان بۆ دابین دەکات و مووچەیان پێدەدات، ئەوەتا ئێستا لە رێی ئەو لیوایەوە دەیەوێ دژایەتی دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان بکات و گورز لە کوردستانیان بوەشێنێ. لە رۆژانی رابردوودا لیوای سوڵتان موراد بە هاوکاری بەرەی نوسرە چەندین کوردی لاشەڕیان لە ناوچەی عفرین رفاندووە، هەروەها هەستی کوردانی گەڕەکی شێخ مەقسود لە شاری حەلەب بریندار دەکەن، دەیانەوێ شەڕێکی دیکەی ناوەخۆ لەنێوان کورد و لیوای سوڵتان موراد هەڵبگیرسێنن و ناوچەکە بەرەو پەشێوی زیاتر ببەن، بەڵام فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای کوردستان بە هۆشیاریەوە رەفتار لەگەڵ رەوشەکەدا دەکەن و بەڵێن دەدەن کە ئەگەر لیوای سوڵتان موراد ئەو چل کەسەی رفاندوویەتی ئازاد نەکات و واز لە بریندارکردنی هەستی خەڵکی ناوچەکە نەهێنن، ئەوان ناچار دەبن کە تەمبێیان بکەن، بێگومان تورکیاو خودی ئەردۆگانیش ئەوەیان دەوێ کە یەکینەکانی پاراستنی گەل بە شەڕێکی دیکەوە خەریک بکەن و گوشارەکانی سەر داعش کەمتر بکەنەوە.