Rizgary Party of Kurdistan                   حزبی رزگاریی كوردستان       

__________________________________________________________

سڵاو بۆ رزگاری له یازده‌هه‌مین ساڵیادی راگه‌یاندنیدا

 كۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵكی كوردستان  

كرێكاران..به‌شمه‌ینه‌تان  

ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبی رزگاری

یانزه ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له رۆژی 15/8/1193دا حزبی رزگاریی كوردستان وه‌ك نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و به‌رده‌وامبوونی كاروانی پارتی گه‌ل ، به راگه‌یاندراوێك بوونی خۆی راگه‌یاند . ئه‌مڕۆ له پێوه‌ندی یازده‌هه‌مین ساڵیادی راگه‌یاندنی رزگاریدا جوانترین پیرۆزبایی له ئه‌ندام و لایه‌‌گرانی حزبی رزگاری و رێبوارانی رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ین و په‌یمان بۆ خوێنی شه‌هیدانی رێگه‌ی رزگاری نوێ ده‌كه‌ینه‌وه و به‌ڵێنیان پێده‌ده‌ین تا گه‌یشتن به كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و گه‌لێكی به‌ختیار كاروانی تێكۆشان درێژه‌ی ده‌بێ و رێگه‌ی ئه‌وان پڕ رێبوار ده‌مێنێته‌وه . یازده‌ه‌مین ساڵیادی راگه‌یاندنی رزگاری له‌كاتێكدا ده‌كه‌ینه‌وه كه باشوری كوردستان له دووڕیانێكی نادیار راگیراوه و به‌ره‌و عێراق په‌لكێش ده‌كرێته‌وه . هێزه عێراقی و هه‌رێمیه‌كان شێلگیرانه بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌ستبه‌کارن و نه‌خشه‌و پلانه‌کانی خۆیان بۆ دژایه‌تیكردنی خه‌ڵكی كوردستان درێژه پێده‌ده‌ن ، به‌ڵام مخابن تا ئه‌مڕۆكه‌ش ریزه‌کانی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان له‌یه‌کتر هاوێر و په‌رته‌وازه‌ن .. ئیداره‌كان یه‌كنه‌خراونه‌ته‌وه و حكومه‌تێكی یه‌كگرتووی هه‌رێم پێكنه‌هێنراوه . ئه‌مڕۆ ئه‌ركێكی مێژوویی له ئه‌ستۆی هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان دایه و ده‌بێ لێبڕاوانه كاری بۆ بكرێت و چاره‌نووسی باشوری كوردستان یه‌كلایی بكرێته‌وه . ئه‌گه‌رچی له یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت دا ئاماژه به فیدراڵی كراوه و باشوری كوردستان هه‌رێمێكی فیدراڵی ده‌بێت ، به‌ڵام هیچ زه‌مانه‌ت و گره‌نتی دووپاتنه‌ەوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ دژ به‌ گه‌لی كوردستان له ئاسۆدا نابینرێ ، به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌ل له نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێدا ژیان ده‌کات . بۆ تێپه‌ڕكردنی ئه‌و ره‌وشه ئاڵۆزه، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر گه‌لی كوردستان پێویستی به‌ یه‌كڕیزی و هاوهه‌نگی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌یه و ده‌خوازێ سه‌نگه‌ری كوردستانی و سه‌ربه‌خۆخوازی پته‌‌و و به‌ هێزبكرێ و زمانێكی هاوبه‌شی ئه‌وتۆ بۆ هاوكاری نێوان لایه‌نه سیاسی و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ییه‌کانی كوردستان بدۆزرێته‌وه كه چاره‌نووسی گه‌ل و نیشتیمان به هه‌واری بێوه‌یی بگه‌یه‌نێت . ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدا ساڵیادی راگه‌یاندنی رزگاری ده‌كه‌ینه‌وه كه هێشتا رۆژهه‌ڵاتی ناڤین له گێژاو و پاشاگه‌ردانیدا ده‌خولێته‌وه . كێشه‌ی فه‌له‌ستین - ئیسرائیل به ئاكام نه‌گه‌یشتووه و خه‌ریكه قوڵتر ده‌بێته‌وه . داگیركه‌رانی كوردستان له‌گه‌ل لۆژیكی سه‌رده‌م رێ ناكه‌ن و ئاماده‌نین كێشه‌ی كوردستان به‌ دانوستاندن و دایالۆك یه‌كلایی بكه‌‌نه‌وه . سه‌رباری ئه‌وانه‌ش كێشه‌ی ناوه‌خۆی عێراق گڕ و بلێسه‌دارتر هاتۆته رۆژه‌ڤه‌وه . ئه‌مریكا وه‌ك هێزێكی گه‌وره‌ی جیهانی هه‌نگاوی به‌ره‌و به دیموكراسیكردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵگرتۆته‌وه و ده‌یه‌وێ له‌ ژێر ئه‌و په‌رده‌یه‌وه شوێن پێی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا موكم و به‌هێزتر بكات . ململانێی جیهانی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئێراندا هه‌ورازتر هه‌ڵده‌كشێ ، بۆیه ده‌بێ بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان هاوكێشه‌ی نوێی نێوده‌وڵه‌تی بخوێنێته‌وه و به‌ره‌و ئاقاری سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو هه‌لبگرێته‌وه . ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدا ساڵیادی راگه‌یاندنی رزگاری ده‌كه‌ینه‌وه كه گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان جۆش و خرۆشێكی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆخوازی له خۆ گرتووه .خوازیاری رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی ره‌هه‌ندێكی مه‌زن و به‌رفراوانه‌ و ناكرێ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت . وێڕای ئه‌وه‌ی ره‌وشی سیاسی باشوری كوردستان به‌ره‌و كێرڤی دابه‌زین ده‌ڕوات ، به‌ڵام هیواو ئومێدی گه‌ل به سه‌ربه‌خۆیی گه‌ور‌ەتر بووه و دۆست و هاوسۆزی زۆرتر بۆ كێشه‌ی گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌مان په‌یدابووه . كێشه‌ی كوردستان گه‌یشتۆته نێو پارله‌مانی به‌شێكی زۆر له وڵاتانی ئه‌وروپا و راشكاوانه پشتیوانی لێده‌كرێت . جه‌ماوه‌ر هۆشیار بۆته‌وه و نرخی خۆی و بڕیاری خۆی ده‌زانێت و ئاماده‌شه راشكاو و لێبڕاوانه‌تر داكۆكی له‌ ده‌ستكه‌وته‌كان بكات . حزبمان ، حزبی رزگاریی كوردستان له‌ پێناو گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی و دیموكراسی و دادیكۆمه‌ڵایه‌تی شێلگیرانه تێكۆشاوه ، ئه‌مڕۆش لێبڕاوانه‌تر و دڵسۆزانه‌تر درێژه به‌و سیاسه‌ته ده‌دات .

به‌رز و پیرۆزبێت 15 ی ئاب ، ساڵڕۆژی راگه‌یاندنی حزبی رزگاری

سه‌ركه‌وێ خه‌بات له پێناو كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و گه‌لێكی به‌ختیار دا

<

مه‌كته‌بی سیاسی

حزبی رزگاریی كوردستان

15-8-2004