سەروەری خاکی نیشتمان ئەرکی لە پێشینەیە، دەبێ پارێزگاری لێبکرێ

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان!

ئازادیخوازو وڵاتپارێزان!

لای هەمووان ئاشکرایە کە دەستەڵاتداران، باشووری کوردستانیان دووچاری گەورەترین قەیرانی یاسایی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و ویژدانی کردۆتەوەو سەنگایی هەرێمی کورستانیان دابەزاندووە، بەوهۆیەشەوە دەرفەتی باشیان بۆ دراوسێکان رەخساندووەو باوەشی دەستتێوەردانیان بەڕووی داگیرکاران کردۆتەوە. لەکاتێکدا کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم باس لە پێوەندی باش لەگەڵ تورکیا دەکەن!! کەچی فڕۆکەکانی تورکیا بێباکانە گوندو ئاواییەکانی باشوور بۆردومان دەکەن، تۆپخانەکانیان دەست لە خەڵکی سڤیل و ژینگە و گیانلەبەران ناپارێزن، کەچی حکومەتی هەرێم خۆی نەبان کردووەو ورتەی لێوەنایەت. لەو بێدەنگیەدا رۆژ لە دوای رۆژ رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێ، ئەوەتا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەست بەکاربووەو خاکی باشوور بۆردومان دەکات.

کوردستانیانی ئازادیخواز! ماوەی بیست و دوو ساڵ زیاترە کە سوپای تورکیا، هێزی تایبەتی خۆی لە نێو  خاکی باشووردا مۆڵداوە، بنکەو بارەگای دامەزراندووە، هەروەها تورکیا بە ئاشکرا هاوکاری داعش دەکات،  جەماوەری کوردستان و هێزە سیاسیەکانیش دەیانجار داوای بەڕێکردنەوەو دەرچوونی سەربازانی تورکیایان کردووە، کەچی حکومەتی هەرێم هەنگاوی کردەیی هەڵنەگرتۆتەوە؛ ئێستا بەرپرسانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڕەشە لەهەبوونی باشووری کوردستان دەکەن، کەچی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە زمانی پاڕانەوە دێتەگۆو داوای هاوسێیەتی باش دەکات!

راستە رێکخراوی بیرتاریکی داعش شەڕێکی نەخوازراوی بەسەر کوردستاندا سەپاندووە، پێشـمەرگە ئازاکان بە خوێنی ئاڵی خۆیان پارێزگاری لە خاکی نیشتمان دەکەن، هەروەها بەڕێوەبردنی شەڕی داعش بارگرانی دروست کردووە، بەڵام  پاراستنی سەروەری خاکی نیشتمان ئەرکی لەپێشینەیەو بۆ پاراستنیشی حکومەت ئەرکدار کراوە، ئیدی ئەرکی حکومەتی هەرێمە کە لەبەرانبەر هەڕەشەو تۆپباران و بۆردومانەکان دەنگ هەڵبڕێ و داکۆکی لە سەروەری نیشتمان بکات. لەو پێوەندەدا ئێمە لە حزبی رزگاریی کوردستان وێڕای ئەوەی کە دەستتێوەردان و تۆپبارانکردن و هەڕەشەکان ریسوا دەکەین، لەهەمان کاتدا لە حکومەتی هەرێم دەخوازین کە بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵبستێ، دەستتێوەران و تۆپبارانکردنی وڵاتان ئیدانە بکات و وەڵامی هەڕەشەکانیان بداتەوە.

سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە راستگۆیانە پارێزگاری لە خاکی نیشتمان دەکات.

ریسوایی و شەرمەزاری بۆ داگیرکار و دوژمنان.

                                          

                          

مەکتەبی سیاسی

حزبی رزگاریی کوردستان

2016-07-02