شکۆدار بێت بیسته‌مین ساڵیادی راپه‌ڕین

کوردستانیانی وڵاتپارێز!

سه‌ربه‌خۆخوازو ئازادیخوازان!

ئه‌مرِۆ گه‌لی کوردستان به‌ شانازی و سه‌رفرازیه‌وه‌ بیسته‌مین ساڵیادی راپه‌رِینه‌ مه‌زنه‌که‌ی خۆی پیرۆز ده‌کاته‌وه‌، له‌ کاتێکدا وه‌فادارێتی خۆی بۆ خوێنی شه‌هیدان و رێبازی رزگاری و سه‌ربه‌خۆخوازی دووپات ده‌کاته‌وه‌، له‌هه‌مان کاتدا به‌ گوڕو تینێکی نوێوه‌‌ پێداگری له‌سه‌ر پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کان ده‌کات و به‌ره‌و رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌. به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ حزبی رزگاریی کوردستاندا سڵاوو پیرۆزبایی له‌ کوردستانیانی وڵاتپارێزو نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌که‌ین و ده‌ستی خه‌بات و ماندوونه‌بوونیان ده‌گوشین.

راستیێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ که‌ راپه‌ڕینی به‌هاری 1991، گه‌لی کوردستانی بۆ سه‌ر شانۆی جیهان گێڕایه‌وه‌، ئیدی به‌وهۆیه‌وه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایی به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام‌ هه‌نگاوه‌کانی ساڵانی دوای راپه‌ڕین له‌گه‌ڵ خواست و داخوازیه‌کانی گه‌ل نه‌هاته‌وه‌، شه‌ڕی براکوژی هه‌ڵگیرسێندراو کوردستان به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی حزبه‌کان دابه‌شکرا، به‌ڵام دیسانیشه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان ئازادی خۆی له‌ده‌ست نه‌دا و دیفاکتۆبوونی خۆی پاراست و هیواو ئاواته‌کانی گه‌لی له‌سه‌ر هه‌ڵچنرا، دواتر بۆ ئارامی سه‌قامگیری و به‌ره‌و دیموکراتیزه‌کردن چه‌ندین هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام دران  و رووی ژیاری گه‌لی کوردستانیان به‌ جیهان پێشاندا.

کوردستانیانی وڵاتپارێز! یاده‌وه‌ری ئه‌مساڵی راپه‌ڕینی مه‌زن له‌ کاتێکدایه‌ که‌ گه‌لانی بێمافکراو و سته‌ملێکراوی ناوچه‌که‌ رابوونه‌ته‌وه‌، باکوری ئه‌فریقاو رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌ره‌و شۆڕش و راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری هه‌نگاوی هه‌ڵگرتۆته‌وه‌، باهۆزی راپه‌ڕین و خۆپێشاندان دیکتاتۆره‌کانی وه‌ک زه‌ینه‌لعابدین و موباره‌کی ڕاماڵیوه‌،  رژێمه‌ سته‌مکاره‌کانی دیکه‌ش له‌به‌رده‌م باهۆزه‌که‌دا خۆیان راناگرن، ئا له‌وکاته‌داو له‌ باشووری کوردستاندا گه‌ل دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و جیاکاری و بێدادی و هاوێرکاری وه‌ده‌نگ هاتووه‌، به‌مه‌به‌ستی گوشار هێنان، خۆپێشاندان ده‌ستی پێکردوه‌، ئێمه‌ له‌ حزبی رزگاریی کوردستاندا له‌یه‌که‌مین رۆژه‌وه‌ پشتیوانی خۆمان بۆ خۆپێشاندان و رێپێوانی هێمنانه‌ ده‌ربڕیوه‌و خواسته‌کانی جه‌ماوه‌رمان به‌ ره‌وا زانیوه‌ و پێمانوابووه‌ که‌ ده‌نگی شه‌قامی کوردستانی پێگه‌ی دیموکراسی به‌هێزتر ده‌کات، له‌هه‌مان کاتدا خوازیاربووینه‌ که‌ ئه‌وانه‌ی خوێنی کورد ده‌ڕێژن بدرێنه‌ دادگه‌و سزا بدرێن، حکومه‌تی هه‌رێمیش به‌ یه‌که‌مین به‌رپرسیار له‌ پاراستنی سه‌رو گیانی هاونیشتمانیان ده‌زانین.  

حزبی رزگاریی کوردستان وه‌ک هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ داخوازیه‌کانی جه‌ماوه‌ر دایه‌، خۆشحاڵی خۆیشی له‌به‌رانبه‌ر پێشنیاره‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌ربڕیوه‌، به‌تایبه‌تیش خواستی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنێکی پێشوه‌ختی به‌ هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی نرخاندوه‌، بۆ ده‌ربازکردنی جه‌ماوه‌ر له‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێ، بۆ کۆتاکردنی گه‌نده‌ڵی و بێدادی، شێلگیرانه‌ له‌‌  په‌رله‌مانی کوردستان ده‌خوازین تا ئاماده‌کاری بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنێکی ئاوارته‌ بکات.

گومان له‌وه‌دانیه‌ که‌ شه‌قامی سیاسی كوردستانی به‌ره‌و نوێبونه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، ئارمانجی نوێی له‌به‌رچاو گرتووه‌، رژانه‌ سه‌ر شه‌قام سه‌رچاوه‌ی له‌ گه‌یاندنی ده‌نگی خه‌ڵکی فه‌رامۆشکراودا گرتووه‌‌، بۆیه‌ هیواخوازین که‌ ته‌واوی خۆپێشاندان و رێپێوانه‌کان به‌ هێمنانه‌ به‌ڕێوه‌بچن، داواکارین که‌ دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت و باره‌گای حزبه‌کان و شوێنه‌ گشتیه‌کان بپارێزرێن و رێ نه‌درێ که‌ زیانیان لبدرێ. ده‌بێ شارستانیانه‌ داکۆکی له‌ خواست و داخوازیه‌کانی کۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵکی کوردستاندا بکرێ.

شکۆدار بێ بیسته‌مین ساڵیادی راپه‌ڕین !

سه‌رکه‌وتووبێ خه‌بات له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و وه‌کهه‌ڤی دا !

مه‌كته‌بی سیاسی
حزبی رزگاریی كوردستان
2011/3/5