دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەڕێز سەرۆک مام جەلال! سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بەڕێزان! ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.


سڵاوی رزگاری و سەرخۆبوون..
لە پێوەند بە (١)ی حوزەیران ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەختەوەرین بەناوی خۆمان و لەجیاتی هەڤاڵانمان لە سەرکردایەتی حزبی رزگاریی کوردستان، لە ناخی دڵەوە پیرۆزباییتان لێبکەین و لەڕێی ئێوەی بەڕێزو تێکۆشەریشەوە سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان پێشكەش بە سەرجەم کادرو ئەندام و پێشمەرگەو هەوادارنی یەکێتییە خەباتگێڕەکەتان بکەین، هەر لەم پێوەندەدا دەخوازین لێبڕاوانەتر بەرەو سەرکەوتن و پێشكەوتنی زیاتر هەنگاو بهاوێژن.

بەڕێزان! لەکەس شاراوەنیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ بێپسانەوە دژ بە داگیرکاران و هێزەکانی تاریکی تێکۆشاوە، لەو پێناوەشدا بەهەزاران تێکۆشەری خۆی کردۆتە قوربانی و سەرکەوتنی بۆ گەلەکەمان بەدەستهێناوە. ئەمساڵیش کە چلەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێتەوە، هەمووان گەواهی بۆ ئەو بەرخۆدانە کەموێنەیە دەدەن کە سەرکردەو پێشمەرگە ئازاکانی، خۆنەویستانە دژ بە چەتەکانی داعش بەڕێوەی دەبەن، بە خوێنی دەیان فەرماندەی سەربازی و پێشمەرگەی ئازا پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان کردووەو ئاسۆی داهاتووی رۆشن کردۆتەوە، بەوهۆیەشەوە هەم سەروەریەکی گەورەی بۆ خۆی و گەلەکەی تۆمار کردووە و هەمیش لاپەڕەکانی بەرخۆدان و  مێژووی تێکۆشانی گەلەکەمانی دەوڵەمەندو رەنگینتر کردووە. بەوهۆیەوە ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانی بەکردەوە ئەرکی پارێزگاریکردنی خاک و نیشتمانی لە ئەستۆ گرتووە.

لەکۆتاییدا جارێکی دیکەش سڵاوو پیرۆزبایی خۆمان دووپات دەکەینەوە، سەرکەوتن و سەرفرازیتان بە ئاوات دەخوازین .

شکۆدار بێ یەکی حوزەیران ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی رێی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی رزگاریی کوردستان