رۆژی هاوپشتی كرێكار و رەنجدەرانی جیهان پیرۆز بێ

 کرێکاران، زەحمەتکێشان!

 رەنجدەران و بەشمەینەتانی کوردستان!

 یەکی ئایار، رۆژی هاوپشتی کرێکاران و رەنجدەرانی جیهانە، بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی لە کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان و تێکڕای کرێکارانی جیهان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. بێگومان یەکی ئایار بەهاو پیرۆزیێکی زۆری بۆ خەبات و تێكۆشانی چینی کرێکاران هەیە، چونکە مرۆڤی کارگەر و رەنجدەرو زەحمەتکێش بە ئاچڕەی ماندووبوونیان، بە رەنج و قوربانیدانی بەردەوامیان، رۆژی یەكی ئایاریان كردە رۆژی هاوپشتی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ئەوەش وایکردووە کە ساڵانە لە سەرانسەری جیھاندا بە شكۆوە رێز لە خەبات و تێکۆشانیان بگیرێ و یادی گیانبەختکردوانی کاروانەکەیان بكرێتەوە، ئێمەش لە حیزبی رزگاریی کوردستاندا کە بۆ سەربەخۆیی نیشتمانی و گەیشتن بە یەکسانی و وەکهەڤی درێژە بە تێکۆشان دەدەین، خۆمان بەپەلێکی ئەو کاروانە دەزانین و بۆ بنبڕکردنی چەوسانەوەی نەتەوایەتی و چینایەتی تێدەکۆشین.

 ساڵانە بەمەبەستی جۆشدانەوەو بەگوڕخستنەوەی خەباتی چینایەتی و بۆ گەیشتن وەکهەڤی، لە یەکی ئایاردا کرێکاران و رەنجدەرانی جیهان پەیمان نوێ دەکەنەوەو کاروانی خەبات ئاوەدانتر دەکەنەوە، مخابن ئەمساڵ کە یادی یەکی ئایار دەکرێتەوە، چینی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان لە رەوشێکی بژێوی یەکجار سەختدان، دەستەڵاتی هەرێم قەیرانی ئابووری و برسێتی بە دیاری بۆ چین و توێژەکانی کوردستان هێناوە. وێڕای ئەوەی کە بێکاری باڵی خۆی بەسەر نیشتماندا کێشاوە، برسێتی و نەداری فراوانتر بۆتەوە، حکومەتی هەرێم دەستی لە هەوکی فەرمانبەران و مووچەخۆران ناوە، لەژێر ناوی پاشەکەوتدا مووچەکانیان لێهەڵدەڵووشێ و خێزانەکانیان بێبژێو دەکات.

 ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی یەکی ئایار دەکرێتەوە کە لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا تێكۆشان و بەرخۆدان دژ بە دیکتاتۆرو چەوسێنەرو زۆرداران بەردەوامی هەیە، بەڵام جێی داخباریە کە هێشتا ملیۆنان مرۆڤ لە چێژی ژیان بێبەشکراون، سک هەڵدەگوشن و بەبرسێتی سەردەنێنتەوە، هێشتا بە ملیۆنان مرۆڤ خەون بە بژێوی رۆژانەوە دەبینن و لەبێدایدا دەتلێنەوە، هێشتا بێکاری مۆتەکەیەو زۆرینەی جیهانی داپۆشیوە.

 یەکی ئایار لە کاتێکدا دێتەوە کە هێشتا هەڕەشەو پەلامارەکانی داعش بۆ سەر کوردستان کۆتا نەبووە، خۆشبەختانە کە هێزی پێشـمەرگە و شەڕڤانان، سەنگەری بەرخۆدانیان ئاوەدان راگرتووەو بەئازایەتی و لێهاتوویی خۆیان چەتەکانی داعشی بیرتاریکیان بەچۆک داهێناوە، بۆیە وادەخوازێ کە هەموو هێزە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان ریزەکانی خۆیان یەکبخەنەوەو پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەو شەڕڤانان بکەن.

 پیرۆز بێ یەکی ئایار، رۆژی هاوپشتی كرێكار و رەنجدەران.

 شەکاوەبێ خەبات لەپێناو یەکسانی و وەکهەڤی.

مەکتەبی سیاسی

 حیزبی رزگاریی کوردستان

 ١-٥-٢٠١٦