هەرێمی هاوبەشی نێوان کورد و سوننە رەت دەکەینەوە

 لەرۆژانی رابردوو دا وابڵاوکرایەوە کە گوایە سی کەسایەتی عەرەبی سوننە نامەیەکیان بۆ رێزدار کاک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردوەو داوای هەرێمی هاوبەشی نێوان کوردو سوننەیان لێکردووە و ئامادەیی خۆشیان بۆ ئەوە راگەیاندووە کە کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو هەرێمە هاوبەشە بێ!

ئێمە لە حزبی رزگاریی کوردستاندا راشکاوانە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە رێی ریفراندۆمەوە تێدەکۆشین و دەخوازین کە باشووری کوردستان سەربەخۆیی خۆی بەدەست بێنێتەوەو لە عێراق جیابێتەوە، لەم سۆنگەیەوە خواستی هەرێمی هاوبەش لەگەڵ سوننە رەت دەکەینەوە، لەلایەکەوە پێمانوایە کە ئەمە سیناریۆێکی دیکەی عەرەبە دەمارگیرەکانەو دەیانەوێ بەو شێوازە ئەجێندای عەرەبێتی لەنێو خاکی کوردستاندا درێژە پێبدەنەوە و رێ لە گێڕانەوەی ناوچە داگیرکراوو بەعەرەبکراوەکانی دیکە بگرن کە هێشتا لەژێر دەستی عەرەبی سوننە دان. لەلایەکی دیکەشەوە ئێستا هەرێمی کوردستان بەهۆی یەکلایی نەبوونەوەی پرسی سەرۆکایەتی لە تەنگژەو قەیرانێکی قوڵ دایە، ئەگەر سەرۆکی هەرێم لەنێو پەرلەمان یان لەنێو خەڵک هەڵبژێردرێ دیسانەوە ناکرێ پێشوەخت بڕیار لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بدرێ، چونکە بڕیاردانی پێشوەخت هەم بێبەهاکردنی دەنگی خەڵکەو هەمیش لەقاودانی پرنسپی دیموکراسیە کە هەمووان بە تامەزرۆییەوە بۆ دیموکراتیزەکردن و بە دامەزراوەکردن تێدەکۆشن.

لەو پێوەندەدا ئێمە لە حزبی رزگاریی کوردستان، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەرێمی هاوبەشی نێوان کورد و سوننە رەت دەکەینەوە، بە کارێکی ناڕاست و خواستێکی گوماناوی لێکدەدەینەوە، بەوهۆیەوە دەخوازین کە کوردستانیانی سەربەخۆخواز و وڵاتپارێز و هێزە سیاسیەکان راشکاوانە دژ بە هەوڵێکی لەم جۆرە بوەستنەوە.

                                                                               

وتەبێژی مەکتەبی راگەیاندنی

حزبی رزگاریی کوردستان

2015-09-13