به‌رێز مام جه‌لال تاڵه‌بانی
به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی
به‌ڕێز كاك دكتۆر مه‌حمود عوسمان
به‌ڕێز كاك سه‌لاحه‌دین به‌هادین
به‌ڕێز كاك دارا نوره‌دین
سڵاوی رزگاریی و سه‌رخۆبوونتان لێبێت
به‌ڕێزان له‌وه‌ته‌ی رژێمی سه‌دام رووخاوه ، ئێوه له‌به‌غدادی پێته‌ختی عێراقدا به‌مه‌به‌ستی وتووێژكردن له‌سه‌ر وه‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی كورد و دامه‌زراندنه‌وه‌ی و یه‌كخستنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌هه‌وڵ و كۆششی بێوچانی خۆتاندان. ماندوو بوون و كۆششی به‌رده‌وامی ئێوه له‌نێو جڤاتی فه‌رمانڕه‌وایی كاتی عێراقدا نه‌بوایه ، له‌وانه‌یه كۆمه‌ڵێ كێشه‌و گرفت ناكام ده‌مانه‌وه، به‌ڵام چونكه كورد له لایه‌ن عه‌ره‌بی عێراقه‌وه به كه‌مینه و هاووڵاتی پله دوو سه‌یر ده‌كرێ و به عێراقی نازانرێت بۆیه پۆستێكی گرنگی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی پێبڕه‌وا نابینرێت
ئێمه له حزبی رزگاریی كوردستاندا، هه‌ر له‌سه‌رتاوه باوه‌ڕمان وابووه و وایه كه كورد عێراقی نییه و به زۆره‌كی و به‌بێ ویستی خۆیه‌وه نیشتیمانه‌كه‌ی به عێراقه‌وه لكێنراوه، به‌ڵام زۆرێك پێیان وابوو كه ئه‌و ره‌وته سوود به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ناگه‌یه‌نێت ، زۆرێكیش پێیان وابوو كه ئه‌و بۆچوونه توندڕه‌وانه‌یه و ده‌بێ پارێزی لێبكرێت .كۆكردنه‌وه‌ی یه‌ك ملیۆن و حه‌فت سه‌د هه‌زار واژۆی خه‌ڵكی كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ریفراندۆمێكی ئازاد و بێگه‌رد ، گه‌واهی ئه‌و راستیه ده‌دات كه خه‌ڵکی كوردستان مه‌یلداره بۆخۆی بڕیار له‌چاره‌نووسی خۆی بدات . له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی سه‌رانی هێزه عه‌ره‌بیه‌کانی عێراق له سۆز‌و به‌ڵێنی پێشوویان به‌رامبه‌ر به‌كورد ، وا ده‌خوازێ كه هێزه كوردستانیه‌كانیش چاوێك به هاوكێشه‌ی رابردووی خۆیان بخشێننه‌وه و به رامانێكی دیكه‌وه بۆ داهاتوو بڕوانن .هێشتا ده‌سپێكی كاره كه‌چی جارێكی دیكه‌ش سه‌ڵمێندرایه‌وه كه زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی عێراق، كورد به عێراقی نازانن و ئاماده‌نین كوردێكی شاره‌زا و لێهاتوو به سه‌رۆك كۆمار یان سه‌رۆك وه‌زیران قه‌بول بكه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌موولایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ده‌بێ كورد بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی ده‌ست به‌كاربێت ، ده‌بێ خه‌ڵكی كوردستان بۆ خۆی خاوه‌نی بڕیاری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردن و داهاتووی وڵاتی خۆی بێت. ئه‌و راستیه‌ش واده‌خوازێ كه به‌ڕێزتان و نوێنه‌رانتان بۆ یه‌كجاره‌كی بگه‌ڕێنه‌وه كوردستان و لێره‌وه كۆشش و خه‌باتی خۆتان بۆ خزمه‌تكردنی گه‌لی كوردستان درێژه پێبده‌ن . كاری هه‌نووكه‌یی ئه‌وه‌یه كه كۆنگره‌یه‌كی فراوانی نیشتیمانی كوردستانی پێكبێت و له‌وێدا بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی یه‌كخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی كورده‌واری بدرێت و هه‌ر له‌وێش حكومه‌تێكی یه‌كگرتوو رابگه‌یه‌نرێت
به‌ڕێزان.. من وه‌ك هاووڵاتیه‌کی كوردستان به‌ئه‌ركی خۆم ده‌زانم كه داوا له به‌ڕێزتان بكه‌م : ( هیچ كه‌س له نوێنه‌رانی خۆتان بۆ پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی كاتی عێراق ده‌ستنیشان مه‌كه‌ن ) . باشتر وایه كورد به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و حكومه‌ته دا به‌شداری نه‌كات
به‌ڕێزان.. كاتێكی زۆر له‌ده‌ست كوردستانیان به‌فیڕۆ رۆیشت ، به‌ڵام هێشتا ده‌رفه‌تی زێڕین له پێشدا ماوه و ده‌كرێ وه‌ك ئه‌و گه‌لانه‌ی كه له 14 ساڵی رابردوودا سه‌ربه‌خۆیی نیشتیمانی خۆیان وه‌ده‌ست هێنا و ئاڵای خۆیان به‌رزكرده‌وه، كوردیش به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره هه‌نگاو هه‌ڵبگرێته‌وه‌و رۆڵی مێژوویی خۆی كایه‌بكات
له‌گه‌ڵ رێزمدا
رێكار ئه‌حمه‌د
سكرتێری حزبی رزگاریی كوردستان
2004-05-31