روانینی ئاکپارتی
سەبارەت بە دۆزی کورد لە بەرنامەی
دەنگڤەنداندا
بەرنامەی
دەنگڤەندان کە شەوانی
سێشەممە لە کەناڵی ئاسمانی
سەحەر بڵاودەبێتەوە،
بەرنامەی شەوی رابردووی، واتە
بەرنامەی رۆژی سێشەممەی
رێکەوتی ٢٨ی نیسان،
تایبەتکردبوو بە قسەکردن لەسەر رامانی
پارتی دادوگەشەپێدان (ئاک پارتی)
سەبارەت بە دۆزی کورد، واتە پارتی
دەستەڵاتداری تورکیا کە رەجەب
تەیب ئەردۆگان رێبەرایەتی
دەکات، دواتر باس لە هەڵبژاردنەکانی
تورکیا کرا، کە بڕیاروایە لە
رۆژی ٧ی حوەزیران
بەڕێوەبچێ.
پێشکەشکاری
بەرنامە لەڕێی دوورەوە پرسیارەکانی
لە بەڕێزان عەلی دەسمالی و
رێکار ئەحمەد دەکرد.
سەرەتا
عەلی دەسمالی سەبارەت بە تێڕوانینی
پارتی دادوگەشەپێدان (ئەکپارتی)، سەبارەت
بە دۆزی کورد قسەی کرد، ئەو
پێیوابوو کە پارتەکەی ئەردۆگان
تێڕوانینی باشی سەبارەت بە
دۆزی کورد لە تورکیا هەیە،
ئەوەش وایکردووە کە
زۆرینەی کوردەکان دەنگی
پێبدەن. بەڵام رێکار ئەحمەد،
سکرتێری گشتی حزبی رزگاریی کوردستان
سەبارەت بەوە مەسەلەیە
گوتی: پارتی دادوگەشەپێدان لە
رێی بانگەشەی چاکسازی و هەوڵدان
بۆ چارەسەکردنی کێشەی
کوردەوە، خۆی گەیاندە
دەستەڵات، راستە هەندێ
قەدەغەکراوی هێنایە سەر زاران،
ئێستا ناوهێنانی کوردو کوردستان قەدەغە
نین، راستیەکەی ئاکپارتی بەو
ئاکامە گەیشتبوو کە دەبێ
کێشەی کورد لە تورکیا
چارەسەربکرێ، بەڵام رێبەرانی
ئەکپارتی سیاسەتی خاپاندن
لەبەرانبەر کورد پێڕۆدەکەن،
بۆیە لەواری کرداریدا هەنگاوی
بەجێ هەڵنەگیراونەتەوە،
رێ بە خوێندنی زمانی زگماکی واتە
زمانی دایک نادرێ، ئەوان
لەلایەکەوە بانگەشەی
پڕۆسەی ئاشتی دەکەن،
لەلایەکی دیکەشەوە
دەڵێن شتێک لە تورکیا بەناوی
کێشەی کورد بوونی نیە، تەنانەت
داودئۆغلۆ کە بە باوکی بیردۆزی
کێشە سفر ناسراوە، راشکاوانە دەڵێ
ئەگەر لە سەر مانگیش دەستکەوتێک
بۆ کورد هەبێ، ئێمە دژایەتی
دەکەین، ئەوەش مانای
ئەوەیە کە پارتی
دادوگەشەپێدان سیاسەتی خاپاندن
بەڕێوەدەبات و دەیەوێ
دەنگی کورد لە باکووری کوردستان وەربگرێ،
بەڵام ئەگەر لە رابردوو لەو
سیاسەتەی سەرکەوتوو بووبێ، بەبڕوای من ئیدی
لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە کورتی
دەدات، چونکە هەدەپە دەتوانێ ئەو
دەنگانە مسۆگەر بکات.
هەروەها
سەبارەت بە رۆڵی ئاکپارتی،
رێزدار عەلی دەسمالی پێیوابوو کە
ئەو پارتە توانیویەتی
خزمەتێکی زۆر بە تورکیا بکات،
هەروەها پێوەندی باشی
لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست کردووە،
ئەوەش بە قازانجی کورد شکاوەتەوە،
هەروەها روانینی بۆ کوردەکانی
سوریەش هەیە، بەڵام رێزدار
رێکار ئەحمەد پێیوابوو هەرچەندە
ئاکپارتی توانیویەتی رەوشی ئابووری
تورکیا چاکتر بکات، بەڵام بەهۆی
سیاسەتە هەڵەکانی
ئەردۆگانەوە لەبەرانبەر
دراوسێکانی و هاوکاریکردنی داعش، زیانی
بە تورکیا گەیاندووە، ئەوە سەد
ساڵ بەسەر ئەرمەن قڕان
تێدەپەڕێ تازە هەندێک
وڵاتی ئەوڕوپا بە
کۆمەڵکوژی دەناسن، ئەوەش
بەڵگەیە کە پەرچەکردارە
بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆگان دەنا
بۆ ساڵانی پێشتر ئەو هەنگاوە
هەڵنەدەگیرایەوە؟؟!!
هەروەها راستە تورکیا پێوەندی
لەگەڵ هەرێمی کوردستان
هەیە بەڵام زیاتر لەبواری
ئابووریدایەو تورک تێیدا قازانجی
کردووە، دەنا کاتێک کە داعش هێرشی بۆ
سەر باشووری کوردستان دەستپێکرد،
زۆربەی وڵاتانی جیهان
لایەنگیریان لە کورد کردو
ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی
کورد پێشاندا بەڵام تورکیا وەڵامی
داخوازیەکانی نەدایەوە، دوای
تێپەڕبوونی چەندین مانگ، هەروەها
کاتێک بینرا کە هەموو وڵاتان دژ بە داعش
یەکیانگرتووەو ئامادەن هاوکاری کورد و
هێزی پێشمەرگە بکەن، ئینجا
تورکیا لە ناچاریەوە ئامادەیی
خۆی بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی
کوردستان پێشاندا، هێشتا هاوکاریەکانیشی
بە کردەیی نەکراوە.
سەبارەت
بە هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڕێز 'عەلی
دەسمالی' پێیوابوو کە پارتەکەی
کەمال کلیچدار ئۆغلۆ لە کورتی دەدات و
دەنگەکانی کەمتر دەبێتەوە،
بەڵام مەهەپە دەنگەکانی
بەرز دەبنەوەو لەوانەشە پاکپارتی
تەنیا چەند کورسیێکی لەدەست بدات.
هەروەها لە سەرکەوتنی
هەدەپە بەگومان بوو، پێیوابوو
ئەگەر سەرکەوتووبێ و رێژەی
١٠% بەدەست بێنێ، دەبێ
بگوترێ موعجیزە!! هەرچی رێزدار 'رێکار ئەحمەد' بوو
پێیوابوو کە لە هەڵبژاردنی داهاتوو
کە حەوتی حوزەیران
بەڕێوەدەچێ، بە
دڵنیاییەوە پارتی
دادوگەشەپێدان لە کورتی دەدات،
لەبەرانبەردا دەنگەکانی
هەدەپە بەرز دەبێتەوە،
هەروەها لەوانەیە
دەنگەکانی جەهەپە واتە
پارتەکەی کلیچدار ئۆغلۆش زیاد بکات.
پێشکەشکاری
بەرنامە گوتی: ئێمە تەنیا
بۆچوونی میوانەکان وەردەگیرن و
قسەی کۆتایی بۆ بینەران
دەهێڵینەوە، هەروەها لە
کۆتاییدا ئاکامی هەڵبژاردنی داهاتوو،
هەردوو بۆچوونەکە یەکلایی
دەکاتەوە.