راگه‌یاندنی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان

ئێمە ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسی کوردستانی، رێكه‌وتی ٢٦-٧-٢٠١٤ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان لە شاری هەولێر بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچەکە کۆبووینەوە، دوای کۆبوونەوە بە پێویستمان زانی تێڕوانینی خۆمان بەم شێوەیە بخەینەڕوو:

پۆستی سەرکۆماری پۆستێکی بایەخدارە، هەروەها هەڵبژاردنی رێزدار دکتۆر فوئاد مەعسود وەک تێکۆشەرێکی کوردستان بۆ ئەو پۆستە دەستکەوتێکی گرنگە، بەوهۆیەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزیان و لە گەلی کوردستان دەکەین، هیوادارین سەرۆک کۆماری نوێ بۆ دەربازکردنی عێراق لەو گرفت و قەیرانانەی تێیکەوتووە رۆڵی کارا بگێڕێ.

عێراق بەڕەوشێکی ئاوارتە تێپەڕدەبێ، داعش وەک هەڕەشه‌یه‌کی نوێ بۆ سەر دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچه‌كه‌ خۆی دەنوێنێ، بەوهۆیەشەوە پارێزگاریکردن لە پیرۆزیەکانی گەلی کوردستان بە ئەرکی هەمووان دەزانین، هەروەها رۆڵی بەرگری و بەرخۆدانی پێشمەرگە بە پیرۆز دەنرخێنین، دەستخۆشی لە هێزی پێشـمەرگەی کوردستان دەکەین و پشتیوانی خۆمانیان بۆ دووپات دەکەینەوە. هەروەها خوازیارین کە حکومەتی هەرێم هەرچی زووترە ئاوڕی زیاتر لە گوزەرانی پێشمەرگە کە پارێزەری راستینی كوردستانه‌ بداتەوە و بژێویان باشتر بکات.

ئێمە بەتووندی سیاسەتی وەدەرنان و کۆچپێکردنی مەسیحیەکان وڕاوەدوونانی تورکمانەکان لەلایەن داعشەوە ریسواو مەحکوم دەکەین، لەو پێوەندەدا هیواخوازین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێنەمەیدان و گوشارەکانی خۆیان دەکار بکەن و ئاوڕ لە رەوشی کۆچپێکراون بدەنەوە.


ئێمە هەمیشە خوازیاری ئەوەبووین کە پێدانی بودجە بە حزبەکان بە یاسایی بکرێ و رێ لە نادادپەروەری بگیرێ، هەروەها تێبینی زۆرمان لەسەر شێوازی پێدانی بودجە هەبوو، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجەی حزبەکانی کوردستانی پەسند کردو بۆ سەرۆکایەتی هەرێم بەرزی کردۆتەوە تا واژۆی لەسەر بکات، تێبینیەکانمان زۆرتربوونەو نادادپەروەرییش قوڵتر بۆتەوەو هەورازتر هەڵکشاوە، بۆیە ئێمە خوازیارین کە بەمەبەستی چاکسازی و گۆڕانکاری، رێزدار سەرۆکی هەرێم یاساکە واژۆ نەکات و بۆ په‌رلەمانی کوردستان بیگێڕێتەوە، هیواخوازین کە یاسای حزبەکان پێڕۆ بکرێ کەلەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی ١٩٩٣ دەرچووە، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یاداشتننامه‌یه‌كمان ئاراسته‌ی به‌ڕێزیان كرد، بەوپێوەرە پێدانی بودجە هەموو ئەو حزبانەش بگرێتەوە کە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە، ئەوانەی کە بەشداریان لە خەباتی رزگاری نیشتمانی داکردوەو به‌شداری پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ناوی حزب و لایەنە سیاسییه‌ بەشداربووەکان:

1) حزبی رزگاریی کوردستان
2) حزبی پێشکەوتنخوازانی دیموکراتی کوردستان
3) پارتی نەتەوەیی کوردستان
4) بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان
5) پارتی رزگاری نەتەوەیی کوردستان
6) بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان
7) پارتی پارێزگارانی دیموکراتی کوردستان
8) بزووتنەوەی رزگاری دیموکراتی کوردستان
9) کۆمەڵەی لیبرالی تورکمان
10) بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
11) پارتی دیموکراتی تورکمانی کوردستان
12) پارتی برایەتی تورکمانی عێراق
13) حزبی ئیتحادی تورکمانی
14) پارتی پارێزگارانی کوردستان
15) حزبی دیموکراتی بێت نەهرێن
16) حزبی نیشتمانی ئاشوری
17) حزب الشروق الترکمانی
18) المجلیس الشعوب الکلدانی
19) یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستانYNDK
20) بزووتنەوەی تورکمانی بێلایەن
21) کۆمەڵەی رۆشنبیری تورکمان
22) حزبی گەلی تورکمان