لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان ریسوا دەکەین

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان!

هێزو لایەنە سیاسیە تێکۆشەرەکان!

ئەمڕۆ ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە کە هێزێکی سوپای تورکیا، سنووری خۆیان بەزاندووەو بەرەو شاری جەرابلوسی رۆژئاوای کوردستان پێشڕەویان کردووە. لەو پێوەندەدا  ئێمە لە حزبی رزگاریی کوردستان زۆر بەتووندی ئەو لەشکرکێشیە ریسواو مەحکوم دەکەین، داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازانی جیهان دەکەین کە دەنگی ناڕەزایی دژ بە رژێمی تورکیا بەرز بکەنەوە، هەروەها داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان دەکەین کە گوشار لە ئەردۆغان بکەن تا سوپاکە بکێشێتەوە و دەست لە کاروباری ناوەخۆی وڵاتێکی دیکە وەرنەدات.

حزبی رزگاریی کوردستان لە کاتێکدا ئەو لەشکرکێشیە ریسواو مەحکوم دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ پارێزەرانی رۆژئاوای کوردستان دووپات دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا دڵنیایە کە تێکۆشەران لە یەکینەکانی پاراستنی گەل بەرسنگیان لێدەگرن و سوپای داگیرکار وەزاڵە دێنن و پاشەکشەی پێدەکەن، بەڵام هەر لەو پێوەندەدا دەخوازین کە کوردستانیان هەموو یەک دەنگ ئەو دوژمنکاریەی تورکیا ریسوا بکەن و دەنگی ناڕەزایی بەرزبکەنەوەو پارێزگاری لە خاک و خەڵکی نیشتمان بکەن.

وەکو ئاشكرایە کە لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو خاکی رۆژئاوای نیشتمانەکەمان لە کاتێکدایە کە هێزی سوپای دیموکراتیک بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانی دژ بە تیرۆر، تەنگیان بە چەتەکانی داعش هەڵچنوەو شاری مەنبەجیان لێ پاک کردوونەتەوەو مەبەستیانە لە ناوچەکانی دیکەش راویان بنێن. بەڵێ لەوکاتەی کە هێزەکانی سوپای دیموکراتیک سەرکەوتن بەسەر داعش و چەتەکانی دیکە تۆمار دەکەن، سوپای تورکیا بە فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەشکرکێشی دەکات و دەیەوێ گورز لە پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی ئەوان بدات. لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ ناو رۆژئاوای کوردستان خۆی لەخۆیدا هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی چەتەکانی داعش و گروپە  تیرۆریستەکانی دیکەیە، ئەوەش وا دەخوازێ کە هەموو ئازادیخوازانی جیهان  دژ بەو لەشکرکێشیە رابوەستن و ریسواو شەرمەزاری بکەن.

سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ ئازادیخوازو رزگاریخوازانە.

ریسوایی و شەرمەزاری بۆ داگیرکارو زۆردارانە.

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی رزگاریی کوردستان

٢٤-٨-٢٠١٦