شکۆداربێ ١٥ی ئاب، ساڵڕۆژی راگەیاندنی رزگاری

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان!

سەربەخۆخواز و رزگاریخوازان!

ئەمڕۆ ١٥ی ئابی ٢٠١٦، حزبمان، حزبی رزگاریی کوردستان بیست چوارەمین مۆمی تەمەنی خۆی دادەگیرسێنێ، بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی لە ئەندامان و لە تێکڕای کوردستانیان دەکەین، سڵاوی ئەمەک و وەفاداری بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێی رزگاری و سەربەخۆیی دەنێرین، پەیمانیان بۆ دووپات دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە نیشتمانێکی سەربەخۆو کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر رێگەیان پڕ رێبوار دەمێنێ و کاروانی تێکۆشان درێژەی دەبێ.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا ساڵڕۆژی راگەیاندنی رزگاری دێتەوە کە کوردستان بە دژوارترین و ترسناکترین قۆناغ تێپەڕ دەبێ؛ رەوشی سیاسی تێکچڕژاوە، رەوشی ئابووری داتەپیوەو شەڕی داعش درێژەی هەیە. لەوپێوەندەدا سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین کە بەرسنگیان لە چەتەکانی داعش گرتووە و پارێزگاری لە خەڵک و خاکی نیشتمان دەکەن.

 خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، هەموومان دەزانین کە خەڵکی تینووی ئازادی، بە تێکۆشان و راپەڕینی خۆیان لە بەهاری ساڵی١٩٩١دا، ئازادی و رزگاریان وەدەستهێنا؛ کەچی ئەوانەی لەسەر کورسی دەستەڵات دانیشتن، هەموو دەستکەوتەکانیان قۆرخکرد. ئیدی بەهۆی سیاسەتی تەسکی حزبایەتیەوە، بەهۆی سیاسەتی پاوانخوازی، هەڵڵوشین و دادۆشین، دەیان قەیرانی جۆراوجۆریان بەرهەم هێناو لەسەرپشتی جەماوەری ستەمدیدەی کوردستاندا تاقیان کردوە. ئێستا بەهۆی سیاسەتی هەڵەو بەهۆی رەفتارە نەشیاوەکانیانەوە، هەرێمی کوردستان لەنێو قەیراندا گیری خواردووە. ماوەی بیست و چوار ساڵە، حکومەتی هەرێم  خزمەتگوازیە سەرەتاییەکانی فەرامۆش کردووە، قەیرانی کارەبا، ئاو، سووتەمەنی، رێگەوبان، ئابووری و سیاسی و دەیان قەیرانی دیکە، بێ چارەسەر ماونەتەوە. ئێستا بە بیانۆی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەباوە، دەیانەوێ خەڵکەکە زیاتر دابدۆشن و کارەبای هەرێم رادەستی کەرتی تایبەتی مۆنۆپۆلکراوی بەرپرسەکان بکەن. لەلایەکی دیکەوە ماوەی دوو ساڵە لەپەنای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، لەژێر ناوی پاشەکەوتدا مووچەی فەرمانبەران کەمکراوەتەوە و ژیانیان لێ تاڵ کراوە، هەروەها بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان دەستی دەستیان پێدەکرێ و برسی دەکرێن؛ خانەنشیانیش، واتە ئەو تێکۆشەرانەی کە تەمەنی لاویان بۆ خەبات و تێکۆشان تەرخان کرد، بێبژێو کراون، دەست بەسەر مووچەکانیاندا گیراوەو دەیانەوێ لە پەلوپۆیان بخەن. بەوهۆیانەوە ئەگەر بەهەر پێوەرێک لێکدانەوە بۆ رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان بکرێ، دەبێ راشکاوانە بگوترێ کە ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا پێڕۆ کراوە، شکستی خواردووە؛ حکومەتی هەرێم مایەپوچ بۆتەوە و زیاتر لە سی ملیار دۆلار قەرزارە!! بەرپرسان توانای بەڕێوەبردنیان نیە و ناتوانن بەردەوام بن. ئەگەر دەستەبەردایش نەبن، گەلی کوردستان دووچاری نەهامەتی و کارەساتی گەورەتر دەکەنەوە. وێڕای ئەوانەشەوە بەرپرسانی حکومەت بێباکانە لە چارەنووسی خەڵک دەڕوانن.

بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام دەبێ قامک لەسەر ئەو راستیە دابنرێ کە وێڕای داهاتی خاڵە سنووریەکان و داهاتەکانی ناوخۆ، ئێستا حکومەتی هەرێم بەشێوازی جۆراوجۆر نەوت بەرهەم دەهێنێ و دەیفرۆشێ، کەچی راستیەکان لە خەڵک و لە مێدیاکان و لە حزبەکان شاردراونەتەوە. گومانی تێدانیە کە داهاتی ئەو نەوتەی کە ئێستا حکومەتی هەرێم دەیفرشێ و خەڵکیش لە برسێتیدا دەهێڵێتەوە، زۆر لەو داهاتە زیاترە کە رژێمی رەفتار فاشی بەعس دەیفرۆشت و ئاشی شەڕی هەشت ساڵەیشی پێدەگێڕا. ئەمە لەکاتێکدایە کە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەبەراورد بە دانیشتووانی ئەوکاتی عێراق  یەکجار کەمترە.

 لەکەس شاراوە نیە کە حکومەتی هەرێم لێبڕاوانە سیاسەتی ترس و برس و دەستەمۆکردنی درێژە پێداوە. ئەوانەی رام کراون، ژیانی شاهانەیان بۆ دابین کراوە، بەوهۆیەوە ڤێللاو کێڵگەو کۆمپانیا و باڵاخانەی گەورە و مۆڵی هەمەجۆر هەڵتۆقیون، بەڵام ئەوانەی بەرگریان کردووەو ملیان بۆ ئەو سیاسەتە چەوتە نەداوە، گوشاری جۆراوجۆریان لێکراوە. بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی ناڕازی، یاسا پێشێل کراوە، تۆقاندن و دەرپەڕاندن پێڕۆکراوە. بەوهۆیەشەوە گێژاوێکی گەورەیان خوڵقاندووە و بە ئاسانیش کۆتایی پێنایەت.

ئەمڕۆ کە ساڵیادی راگەیاندنی حزبی رزگاری دەکەینەوە، هێشتا برینەکانی کارەساتی شنگال خوێنێ لێدەچۆڕێ، کەچی ئەو بەڵێن و پەیمانانەی بۆ لێپرسینەوەو سزادانی تۆمەتباران درابوون، دیزە بەدەرخۆنە کراون و هەوڵی لەبیرچوونەوەیان دەدرێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵک بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی گرتن و دادگەییکردن و سزادانی ئەوانەیان دەکرد کە شنگالیان گورگان خواردوو کردبوو.

ئەمڕۆ کە ساڵیادی راگەیاندنی رزگاری دەکەینەوە، داخبارین بە داخستنی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی جیهاندا. لەو پێوەندەدا دەخوازین کە نوێنەرایەتی کوردستان لەو وڵاتانەدا رادەستی کوردستانیانی هەندەران بکرێ، چونکە ئەوان وڵاتپارێزانە رەفتار دەکەن، باشتر پێیڕادەگەن و بەڕێوەی دەبەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوایەتی خۆی لەدەستداوە، نەک هەر پارێزگاری لە خەڵک و سەروەری خاکی نیشتمان ناکات، بەڵکو دەرگەی کوردستانی بەڕووی داگیرکاراندا ئاوەڵا کردووە. هێزەکانی دەرەکی ڕمبازێی تێدا دەکەن، مۆڵگەو سەربازگەیان لێداناوە. بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، جەماوەری کوردستان شێلگیرانە داوایان کردووە کە هێزی داگیرکاران لە خاکی هەرێم بچنە دەرێ، کەچی بێوەڵام ماوەتەوە و سووکە هەنگاوێک بۆ ئەو مەبەستە نەهاوێژراوە. دەوڵەتانی دراوسێ بە بیانۆی هەبوونی بنکەو بارەگەی هێزە نەیارەکانیان، بێباکانە گوندو ئاواییەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران و بۆمباباران دەکەن و خەڵکی سڤیل و لاشەڕ شەهید دەکەن و زیانیان پێدەگەیەنن، کەچی حکومەتی هەرێم خۆی نەبان کردووە.

لەساڵیادی راگەیاندنی رزگاریدا دەپرسین: کێ بەرپرسیارە لە تەنگژەکانی ئێستای هەرێمی کورستان و پەکخستنی دامەزراوە شەرعیەکان؟! کێ بەرپرسیارە لە برسیکردن و بڕین و کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و دادۆشینی خەڵک؟! کێ بەرپرسیارە لە سزانەدانی ئەوانەی دەستی داعشیان گرت، بازرگانیان لەگەڵدا کردن و پێداویستیەکانیان بۆ دابین کردن؟! کێ بەرپرسیارە لە جێبەجێنەکردنی ئەو پەیمان و بەڵێنانەی کە دران و شایلۆغانیان بۆ کراو شاردرانەوە؟! کێ بەرپرسیارە لە شاردنەوەی تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال و رادەست نەکردنیان بە دادگە؟! کێ بەرپرسیارە لە ناکام هێشتنەوەی بەڵێنەکانی چاکسازی؟! کێ بەرپرسیارە لە هاوێرکاری، هەڵتەکاندن و ترازاندنی ریزەکانی نێوماڵی کوردەواری؟! کێ بەرپرسیارە لە مردارکردنەوەی پەرلەمان و شەرعیەت؟! کێ بەرپرسیارە لە لێشاوی سەرهەڵگرتنی لاوان بۆ هەندەران و ئەو کارەساتانەی لەڕێی هەندەراندا بەرۆکیان پێدەگرێ؟!  کێ لە مەرگی ئەو مرۆڤانە بەرپرسیارە کە لەبەرنەبوونی و باری قورسی بژێودا کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن؟! کێ لە مەرگەساتی ئەو ئێزدیانە بەرپرسیارە کە کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا؟! کێ بەرپرسیارە لە چارەنووسی نادیاری  کچ و ژنانی ئێزدی؟!. کێ بەرپرسیارە لە دۆزینەوەی بکوژانی ئەو رۆژنامەنووسانەی کە رفێندران و شەهید کران؟! بێگومان خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەزانێ و مێژووش ئەو راستیانە دەنوسێتەوە. بۆیە ئێمە لە حزبی رزگاریی کوردستاندا دڵسۆزانە دەخوازین کە بەرپرسان چاوێک بە رابردوو بخشێننەوەو بوێری ئەوەیان هەبێ کە پەنجە لەسەر برینەکان دابنێن. لەئاکامدا و لەپێناو باشکردن و مسۆگەرکردنی داهاتووی گەلەکەمان و  بۆ کەمکردنەوەی مەرگەساتەکان، خوازیارین کە پڕۆسەی چاکسازی و هێورکردنەوەی رەوشە بە نەوەی نوێ بسپێردرێ.

لە دویماهیدا هەر بەبۆنەی ساڵیادی راگەیاندنی رزگاریەوە، سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان دەکەین و پشتیوانی خۆمانیان بۆ دووپات دەکەینەوە. سڵاو لە شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان دەکەین کە داعشیان وەزاڵە هێناوە، لە دواین موژدەشدا شاری مەنبەجیان ئازادکرد، هەروەها بە ئازایەتی و بەرخۆدانی بێوینە سەرنجی جیهانیان بەلای خۆیان و دۆزی گەلەکەماندا راکێشاوە.

- سڵاو لە تێکۆشەرانی باکوورو رۆژهەڵات کە دژ بە داگیرکاران لەبەرخۆدان دان و دژ بە ستەم و نابەرابەری تێدەکۆشن.

- سڵاو لە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان کە بەرگەی تەنگژەو قەیرانەکانیان گرتووە.

- نەفرەت لە تیرۆریست و تیرۆرپەروەران، ریسوایی و نەمان بۆ ستەمکارو داگیرکاران.

- شکۆدار بێ ١٥ی ئاب، ساڵڕۆژی راگەیاندنی رزگاری.

- سەرکەوتوو بێ خەبات لەپێناو کوردستانێکی سەربەخۆ و گەلێکی بە ختیاردا.

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی رزگاریی کوردستان

١٥-٨-٢٠١٦