لێدوانی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی رزگاریی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ روودوای ئه‌مڕۆی شاری سلێمانی

 

به‌داخه‌وه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ17-2-2011 ره‌وتی کۆبوونه‌وه‌و خۆپێشاندانی به‌رده‌رگه‌ی سه‌رای شاری سلێمانی بۆ تووندوتیژی گۆڕاو هێرشکرایه‌ سه‌ر باره‌گای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، پاسه‌وانه‌کانیش به‌ گولله‌ وه‌ڵامیان دانه‌وه‌، له‌ ئاکامدا گه‌نجێک شه‌هید بوو، هه‌روه‌ها  په‌نجاو حه‌وت که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون، له‌وپێوه‌نده‌دا ئێمه‌ له‌ حزبی رزگاریی کوردستاندا نیگه‌رانی خۆمان پێشان ده‌ده‌ین، وێڕای ئه‌وه‌ی که‌ باوه‌ڕی ته‌واومان به‌ رێپێوان و خۆپێشاندانی هێمنانه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام دژی ئه‌وه‌ین که‌ هێرش بکرێته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و باره‌گای حزب و رێکخراوه‌ سیاسیه‌کان و به‌ کارێکی دواکه‌وتوانه‌و نه‌شیاوی ده‌زانین و ریسوای ده‌که‌ین، به‌هه‌مان شێوه‌ش هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین که‌ به‌گولله‌ وه‌ڵامی خه‌ڵکی سڤیل بدرێته‌وه‌، چونکه‌ رژاندنی خوێنێ کورد به‌ ده‌ستی کورد نه‌ک هه‌ر کاره‌سات و تاوانێکی مه‌زنه‌، به‌ڵکو داهاتووی دۆزی کوردستان له‌ تاریکیدا نغرۆ ده‌کات. به‌وهۆیه‌وه‌ حزبی رزگاریی کوردستان ده‌خوازێ:

1-  ره‌وشی شاری سلێمانی هێور بکرێته‌وه‌، رێ نه‌دری ئاڵۆزی زیاتر شاره‌کانی دیکه‌ بگرێته‌وه‌، حکومه‌ت پارێزگاری له‌ باره‌گای حزب و رێکخراوه‌ سیاسیه‌کان و دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌تدا بکات.

2-  له‌پێناو سه‌روه‌ری‌ یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ و ده‌ستکه‌وه‌کانی گه‌ل، لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد بۆ رووداوی هێڕشکردنه‌ سه‌ر لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێ، به‌گیانێكی به‌رپرسانه‌وه‌ ڕه‌فتار‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌یدا بكرێ.

 

 

مه‌کته‌بی سیاسی

حزبی رزگاریی کوردستان

17-2-2011

 

 

 

 

 

 

 

 

 

www.rpk93.org          rpk93@hotmail.com          Tel:07501191497                              هه‌ولێر/ گه‌ڕه‌کی زانیاری/ شه‌قامی شه‌ست مه‌تری/ نزیک وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌