حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کۆدەبنەوەو داوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن


کاتژمێر ١٤ی رۆژی 15 / 11 / 2014 ، 64 حیزب و لایه‌نی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی مه‌زن، له‌ شاری هه‌ولێر بۆ پشتیوانیكردن له‌ رۆژئاوای كوردستان كۆبوونه‌وه‌و، وێڕای گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند مژارێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، داوا ده‌كه‌ن به‌زووترین كات كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌سترێت.

كاتژمێر دووی پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نوێنه‌رانی 64  شه‌ست و چوار حیزب و لایه‌نی سیاسی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، لە بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبوونەوە، کۆبوونەوە بە ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ رێزگرتن له‌ گیانی پاكی ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان دەستی پێکرد، دواتر دکتۆر ئاراس قادر خۆشناو نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو، داوای لە بەڕێز عه‌لی حوسێن ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان کرد وتارێک پێشكەش، ئەویش لە وتارەکەی خۆیدا به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كرد و رایگەیاند:من لەدەرەوەی هەولێر بۆ بەخێرهێنانی ئێوە هاتوومەتەوە چونکە کۆبوونەوەکە لە بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەدەچێ. ئەوسا بەڕێز غه‌فوور مه‌خمووری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK راپۆرتی كارو خه‌بات و چالاكییه‌كانی نوێنه‌رایه‌تی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان پێشكه‌ش كردو ئاماژه‌ی به‌ كارو خه‌باتی لایه‌نه‌كان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان كرد، پاشان بەڕێز رێكار ئه‌حمه‌د سكرتێری حزبی رزگاریی كوردستانRPK، راپۆرتی لێژنه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ رۆژئاوای كوردستانی خوێنده‌وه‌، دواتر له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند مژارو پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كراو، چه‌ند بڕیارێكیش بۆ به‌رده‌وامی كارو خه‌باتی داهاتوو وه‌رگیران.


شایانی باسه‌ دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌، راگه‌یاندنێكی هاوبه‌شیان بۆ رای گشتی بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

راگەیاندنی هاوبەشی كۆبوونەوەی حیزبە كوردستانییەكان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان

جەماوەری وڵاتپارێزی كوردستان

كەس و كارو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

ئێمە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لەدرێژەی دیدارو كۆبوونەوەكانماندا, ئەمڕۆ 15 / 11 / 2014 لە بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبووینەوە, لە كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بەكاروچالاكی ماوەی رابردوومان گفتوگۆكرا, كارو چالاكییەكانمان لە ماوەی رابردوودا كەشێكی گونجاوی بۆ كارو خەباتی هاوبەش لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان خوڵقاندووە, كاردەكەین كە ئەمە ببێتە هۆكارێك بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و یەكدەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان, ئەم كارانە بە ئیجابی هەڵسەنگێنران و لەژێر تیشكی ئەمەدا كارنامەیەكی نوێ بۆ كارو خەباتی داهاتوو داڕێژراو كۆمەڵێ‌ بریار درا, لەوانە بڕیاردرا ئاستی كارەكان بەرز بكرێتەوەو, كاری داهاتوو بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بێت.

ئێمە وەكو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان, جارێكی دیكە خەبات و بەرخودانی پێشمەرگەو شەڕڤانان لە باشوورو رۆژئاوای كوردستان بەرز دەنرخێنین و, خۆشحاڵین بە پێشڤەچوونەكانی گۆڕەپانەكانی شەڕ لە كۆبانێ‌ و باشووری كوردستان و, لەلایەن خۆمانەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان بە هێزەكانی هاوپەیمانان رادەگەیەنین, كەوا بنكەو بارەگاكانی تیرۆریستانی داعشیان لە كۆبانێ‌ و باشووری كوردستان موشەكباران كرد, ئەوەش بووە هۆكارێك بۆ گۆڕینی هاوكێشەی شەڕ لە كۆبانێ‌ و باشووری كوردستان.
لێرەوە بەناوی هەموو لایەكمان سوپاسی تەواوی گەلی كوردستان لە هەرچوار پارچەی وڵات و رەڤەندی كورد لە دەرەوەی وڵات دەكەین كەوا بە چالاكی جۆاوجۆرو خۆپیشاندان تیرۆریستانیان شەرمەزاركرد و مۆراڵی پێشمەرگەو گەریلاو شەرڤانانیان بەرزكردەوە, ئەم یەكدەنگییەی گەل گەورەترین پشتیوانییە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانان و, لەهەمان كاتدا باشترین وەڵامە بۆ تیرۆریستان و دوژمنان, كەوا گەلی كوردستان هەر هەمووی بەیەك دەنگ تیرۆر رەت دەكاتەوەو ئامادەی بەرگریكردنن لە خاك و خەڵكی كوردستان .
ئێمەی بەشدارانی كۆبوونەوەكە بڕیاری بەڕێز كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رێدانی پەرلەمانی كوردستان و هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگە, بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە و هاوكاری سەربازی و مرۆیی بۆ كۆبانێ‌ و, دەستپێشخەری و هەوڵەكانی بەڕێزیان بۆ رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا بەرز دەنرخێنن و, پشتیوانی لە ( رێككەوتننامەی دهۆك )ی نێوان تەڤگەری جڤاكی دیموكرات ( TEV-DEM ) و ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا ENKS دەكەین و, داوا لە هەردوو لایان دەكەین, كەوا ململانێ‌ حیزبییەكانیان بخەنە لاوەو بەجددی كار بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی دهۆك بكەن, بێگومان جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتننامەیە دەبێتە فاكتەری بەهێزی یەكڕیزی و یەكدەنگی و, پێشڤەچوون و سەركەوتنی بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان.

ئێمەی لایەنە سیاسییەكان هەست بە كەشێكی گونجاوی بەیەكەوە كاركردن دەكەین, لەپێناو پاراستنی ئەم كەشە سیاسییەو هێنانەدی یەكریزی و یەكدەنگی تەواوی گەلی كوردستان لە كارو خەباتی خۆماندا بەردەوام دەبین و, لێرەوە داوا لەهەموو لایەك دەكەین هاوكارو پشتیوانمان بن بۆئەوەی یەكێتی و یەكدەنگی لەنێوان تەواوی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان وەدیبهێنین, لەم پێناوەشدا داوا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەین كەوا داوا لە لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بكات دەست بەكارەكانیان بكەنەوە, بۆئەوەی بەزووترین كات كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت و ببێتە چەترێكی هاوبەش بۆ هەموو لایەنەكان و, لەهەمان كاتدا ببێتە سەنتەری بڕیاری سیاسی نەتەوەیی و نیشتمانی لە كوردستاندا.


سەركەوێ‌ خەبات و بەرخودان و ویستی گەلی كوردستان.

 نەمری و سەربەرزی بۆ تەواوی شەهیدانی كوردستانی مەزن.

 مردن و رووڕەشی بۆ تیرۆریستان و ناحەزانی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.



لایەنە سیاسییەكان:


1
-  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
2
- پارتی دیموكراتی كوردستان
3
- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
4
- بزووتنەوەی گۆڕان
5
-یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK 
6
-بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
7
-كۆما جڤاكێن كوردستان KCK 
8
-حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران
9
-بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان
10
-پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
11
-كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
12
-پارتی ئازادی كوردستان PAK 
13 
-بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی توركمان
14
-سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
15
-حزبی شروقی توركمانی
16
-حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن
17 
-حزبی رزگاری كوردستان RPK 
18 
-پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD 
19 
-پارتی پارێزگارانی دیموكراتی كوردستان
20 
-پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP 
21
-كۆمەڵە ( رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران)
22
-پارتی گەلی توركمانی عێراق
23
-پارتی دیموكراتی توركمانی كوردستان
24
-پارتی رزگاری نەتەوەیی توركمان
25 
-كۆمەڵەی لیبرالی توركمان 
26
-پارتی نەتەوەیی كوردستان
27
-حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان
28
- بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی كوردستان
29
-بزووتنەوەی گۆڕانی دیموكراتی كوردستان _ سوریا
30
كۆنگرەی نیشتمانی كوردستان KNC 

31- پارتی سەربەستی كوردستان
32- كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
33- كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK 
34- حزبی شیوعی كوردستان
35- حزبی ئایندەی كوردستان
36- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان 
37- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
38- بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان
39-حیزبی دیموكراتی كوردستان
40- كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمان لە كوردستان
41-حزبی توركمان ئیلی
42- بزووتنەوەی توركمانی بێلایەن
43-پارتی سەربەخۆیی كوردستان
44- پارتی دیموكراتی كوردستان _ سوریا ( پارتی )
45-پارتی گەشەپێدانی توركمانی
46- پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سوریا ( یەكێتی )
47- پارتی نیشتمانی دیموكراتی كورد لە سوریا
48- پارتی یەكێتی كورد لە سوریا
49- پارتی دیموكراتی كوردی سوریا
50- تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان
51-پارتی چاكسازی و پێشكەوتووی توركمان
52- برایەتی ئۆچاغی توركمان
53- پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK 
54- ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا
55-پارتی گەلی توركمان
56-تەڤگەری جڤاكی دیموكرات ( TEV-DEM )
57- پارتی دیموكراتی كورد لە سوریا ( پارتی (
58- پارتی دیموكراتی پێشڤەڕۆی كورد لە سوریا 
59- پارتی وەكهەڤی كورد لە سوریا
60- پارتی رێكەفتنی كورد لە سوریا
61- بزاڤی چاكسازی كورد لە سوریا
62- یەكێتی بێت نەهرێنی نیشتمانی 
63- كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
64-پارتی یەكگرتووی توركمان