سڵاو بۆ رزگاری لە ساڵیادی راگەیاندنیدا

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان!

دۆست و لایەنگرانی حزبی رزگاری!

ئەمڕۆ ١٥ی ئاب، حزبی رزگاریی کوردستان بیست وسێهەمین مۆمی تەمەنی خۆی دادەگیرسێنێ، بەوبۆنەیەوە لە دەستپێکدا پیرۆزبایی لە خۆمان و لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین، هەروەها سڵاوی ئەمەک و وەفاداری بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دەنێرین، پەیمانیان بۆ دووپات دەکەینەوە و بەڵێنیان پێدەدەین کە بۆ گەیشتن بە نیشتمانێکی سەربەخۆو کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر رێگەیان پڕ رێبوار دەمێنێ و کاروانی تێکۆشان درێژەی دەبێ.

ساڵیادى راگەیاندنی حزبى رزگاریی کوردستان له‌کاتێکدایه‌ که‌ مخابن نەتەوەکەمان رووبەڕووی چەندین هه‌ره‌شه‌ى ده‌ره‌کى و قەیرانی ناوخۆیی بۆتەوە.‌ لەلایەکەوە ماوەی ساڵێک زیاترە کە رێکخراوی بیرتاریکی داعش هێرش و پەلامارەکانی خۆی بۆسەر باشوورو رۆژئاوای کوردستان چڕ کردۆتەوە، خۆشبەختانە هێزی پێشـمەرگەو شەڕڤانە ئازاکان بە پشتیوانی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان داعشیان بە چۆک داهێناوە، گورزی کاریگەریان  لێداوە، بەڵام هێشتا مەترسیەکان کۆتاییان پێنەهاتووە، لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورکیا لەژێر پاساوی ناڕەوا پڕۆسەی ئاشتی هەڵپەساردووە، بۆ سەر خاکی باشوورو باکووری کوردستان دەستی بە هێرش و پەلامار کردۆتەوە، گوندو ئاواییەکان کراونەتە ئامانج، ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار دەبن؛ وێڕای ئەوانەشەوە باشووری کوردستان لەنێو تەنگژەو قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەتلێتەوە. رەوشی گوزه‌رانى خەڵک رۆژ لە دوای ‌رۆژ لە خراپەوە بەرەو خراپتر ده‌ڕوا، ئابوورى کوردستان بەهۆی ناڕوونی لە پرسی نەوتدا لەنێو ترس و داڕماندا گیری خواردووە، بێکاری، هەژاری و کەمی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، ئاو، سووتەمەنی ، لەشساغی و پاکەوانی دەروازەی بەڕووی کۆچ و سەرهەڵگرتن کردۆتەوە، گەنج و لاوان بە لێشاو  پشت لە نیشتمان و روو لە هەندەران دەکەن، مخابن کابینەی بنکەفراوان تەواوی کێشەکانی فراوانتر کردۆتەوە، بەوهۆیەوە ئاسۆی داهاتوو لەنێو تراویلکەو تەمتوماندا وندا بووە. هەرێمی کوردستان لەرەوشێکی ترسناکدایە، ئومێدی دیموکراتیزەکردن و دەستاودەستکردنی دەستەڵات لە کزی داوە،  شه‌ڕى بەرژەوەندخوازی حزبایەتی و به‌ش به‌شێنه‌ بە خشكەیی درێژەی پێدەدرێ، بەوهۆیەوە هەم ئاسایشی نەتەوەیی لەژێر هەڕەشەو مەترسیدایە هەمیش هێمنایەتی و ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تى بەرەو شێواوی خلۆر دەبێتەوە، ئەوەش زیانێکی گەورەی بە دۆزی رەوای گەلی کوردستان گەیاندووە، ئیدی رەوشەکە وادەخوازێ کە هێزە دەستەڵاتدارەکان بە دانوستاندن و سەروەرکردنی یاسا و پێبەندبوون بە بنەماکانی دیموکراسی کێشەو گرفتەکان یەکلایی بکەنەوە، نابێ بیر لە هەڵگیرساندنی شەڕی خوێناوی، دوو ئیدارەیی وپێشێلکردنی یاسا  و خۆسەپاندن بکرێتەوە.

ئەمساڵ لە ١٥ی ئابدا دیسانەوە پێبەندی خۆمان بۆ ئەو ئامانجە دووپات دەکەینەوە کە حزبی رزگاریی کوردستان لە پێناویدا راگەیاندراوە، وەدیهێنانی ماف و داخوازیەکانی خەڵکی ستەمدیدە و پاراستنی بەرژەوەندەکانی باڵای گەل و نیشتمان خواستی لە پێشینەیە و لە پێناویدا  تێدەکۆشین، باوەڕەمان بە هاوێرکردنی سەنگەری دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەبووە و ئێستاش پێمانوایە کە حکومەتی زۆرینە بەهۆی چاودێریەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە کارا و چالاکتر دەبێ و دەتوانێ خزمەتی باشتر پێشكەش بکات، حکومەتی بنکە فراوان بە خنکاندنی ئازادی و لەژێرپێنانی پرنسپەکانی دیموکراسی لێکدەدەینەوە. لەپێناوی سەوەری یاساو چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی هەموو خۆسەپاندن، پاوانکاری، قۆرخکاری و زۆرداریێک رەتدەکینەوە. راشكاوانە پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خەڵکی هەژار و چەوساوە دەکەین، لەبەرانبەر کەمی خزمەتگوزاریەکان و پەرێشانکردنی جەماوەر، حکومەت بەبەرپرسیار دەزانین، دەخوازین کە گەندەڵکاران لە قاوبدرێن، ئەوانەی داواکراون، تۆمەتبارو تاوانبارن رادەستی دادگە بکرێن و چیتر پاساویان بۆ نەهێندرێتەوەو حەشار نەدرێن.

حزبی رزگاری لە ساڵیادی راگەیاندنی خۆیدا، بانگ لە رێکخراوە هاوئامانج و هاوڕامانەکانی دەرەوەی پەرلەمان دەکات کە چیتر کات بەفیڕۆ نەدەن، بەمەبەستی پێکهێنانی چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ یەکخستنی هێزو تواناکانیان، لە دەورەی یەکتر کۆببنەوەو پێشەنگایەتی داخوازیەکانی جەماوەری ناڕازی بکەن.

لە ساڵیادی راگەیاندنی رزگاریدا سڵاو گەرمی خۆمان پێشكەش بەو تێکۆشەرانە دەکەین کە ماندوونەناسانە لەسەنگەری بەرگریدان و کوردستان دەپارێزن. هەر بەو بۆنەیەوە پشتیوانی خۆمان بۆ هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان دووپات دەکەینەوە، دەخوازین کە کێشەو گرفتی نێوان لایەنە سیاسیەکان لە بەرگری و بەرخۆدان ساردیان نەکاتەوە، هیواخوازین وەک هەمیشە بەهەموو تواناێکەوە پارێزگاری لە خاکی پیرۆزی نیشتمان بکرێ. هەر لەو پێوەندەدا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین کە هەرچی خێراترە ئاوڕێک لە بژێوی بنەماڵەی پێشمەرگەو شەهیدان بداتەوە و چیتر دەستی دەستی بە مووچەی فەرمانبەرانەوە نەکرێ.

لە ساڵیادی راگەیاندنی رزگاریدا، پشتیوانی خۆمان بۆ کانتۆنەکانی رۆژئاواو خەباتی رەوای خەڵکی رۆژئاوا و پارچەکانی دیکەی کوردستان دووپات دەکەینەوە.

 

شکۆدار بێ ١٥ی ئاب، ساڵڕۆژی راگەیاندنی رزگاری.

سەرکەوتوو بێ خەبات لە پێناو کوردستانێکی سەربەخۆو گەلێکی بەختیار.

                                          

                          

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی رزگاریی کوردستان

2015-08-15