راگەیەندراوێک سەبارەت بە مانگرتن و رێپێوانەکان


بەداخەوە، ئەمڕۆ لاوێکی تەمەن پازدە ساڵەی کوردستان لە رێپێوانەکانی قەڵادزێدا بە گوللەی هێزەکانی ناوەخۆ شەهید کراو چەند هاووڵاتی سڤیلیش بریندار کران. ئێمە لە حزبی رزگاریی کوردستاندا داخبارین کە جارێکی دیکە لاوانی کوردستان بەگوللەی هێزی ناوەخۆ شەهید و بریندار دەکرێن.

بێگومان ئەمڕۆ جەماوەر باجی سیاسەتی شکستخواردووی حکومەتی هەرێم دەدەن،ئەوەتا شکستی سیاسەتی نەوت و بێبەرنامەیی ئابووری رەوشێکی سەخت و دژواری وەبەرهەم هێناوە، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان دووچاری دەیان قەیران، تەنگژە، ئالۆزی، كێشە و گیروگرفت بۆتە؛ گەندەڵێ باڵی بەسەر دامەزراوەکاندا کێشاوە، بەوهۆیەوە خەڵک لە بژێوی رەوای خۆیدا بێبەش کراوە و رێ ناڕەزایی دەربڕین و مانگرتنیشی لێ قەدەغەکراوە.

مەکتەبی سیاسی حزبی رزگاریی کوردستان رێپێوان و مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران بە ڕەوا و یاسایی دەزانێ، هیواخوازە چالاکی رێپێوان و مانگرتن کە بۆ سەندنەوەی مووچە و وەدەستهێنانەوەی مافە سەرەتاییەکانە، هاوچەخانەو مەدەنیانە بەڕێوەبچن، بەڵام بەداخەوە رێپێوانەکانی سلێمانی و قەڵادزێ لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە بەتووندی وەڵام درانەوە، خەڵكی سڤیلی خۆپیشاندەر و ناڕازی شەهید و بریندار کران.

مەکتەبی سیاسی حزبی رزگاریی کوردستان، داواکارە کە لایەنی پەیوەنددار گوێ لە خواستی خەڵک بگرێ و داخوازیەکانیان جێبەجێ بکات، نابێ بە چەک و هێز وەڵامی خۆپێشاندەران بدرێتەوە، چونکە خۆپێشاندان و رێپێوان سەرچاوەی لە ئازارو ژانی خەڵک گرتووە، هاوارێکەو لە ژێرگوشار و نادادیدا بەرز دەبێتەوە. کەچی بەگوللە وەڵامی خۆپێشاندەران دەدرێتەوە، خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار دەکرێن، حزبی رزگاریی کوردستان بەتووندی ئەو تاوانە ریسواو شەرمەزار دەکات، داوا دەکات کە لەبەرانبەر خواستی جەماوەردا چیتر پەنا بۆ هێزو چەک نەبردرێ. لەهەمان کاتدا بانگ لەجەماوەری ناڕازی دەكات کە مەدەنیانە و سەردەمیانە درێژە بە رێپێوانەکان بدەن و زیان بە بارەگای حزبەکان و شوێنە گشتیەکان و دامەزراوەکانی حکومەت نەگەیەنن.

 

مەکتەبی سیاسی
حزبی رزگاریی کوردستان
٩-١٠-٢٠١٥