راگەیاندراوی
یەکگرتنی پارتی سەربەخۆیی
کوردستان و پارتی سەربەستیی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕۆژی ٣ ی
گوڵانی ٢٧١٥ی كوردی پارتی
سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان
لە پێناو بەرژەوەندی
نەتەوەیی و کۆ کردنەوە و
بەهیز کردن و ڕێکخستنەوەی
بیری کوردستانی و هەروەها بۆ ڕزگار
بوون لە پرژوبڵاوی هێڵی
سەربەخۆییخوازانی
وڵاتەکەمان دوای زەنجیرە
کۆبوونەوەیەک و دیالۆگی
بێوچان بەو ئاکامە گەیشتین کە
هەر دوو پارتەکە یەکبگرین و لەمە
بەدواوە وەک یەک حیزب درێژە
بە خەباتی نەتەوایەتیی
بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان
بدەین.
لە دیالۆگەکاندا
هەر دوولا لەسەر ئەو باوەڕە
بووین کە ناوی پارتی
سەربەخۆیی کوردستان کە خاوەن
مێژووێکی دێرینی تێکۆشان و
خەباتی سەربەخۆییە، وەک
ناوی ئەم پارتە نوییە
بمێنێتەوە و مێژووی
تێکۆشانی هەردوو پارتەکەش بە
مێژووی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
هەژمار و تۆمار بکرێت.
بەم بۆنەوە پارتی
سەربەخۆیی کوردستان جارێکی
دیکە لەگەڵ گشت کوردستانیان
پەیمان نوێ دەکاتەوە کە لە
پێناو ڕزگاریی و سەربەخۆیی
وڵات، هاوڵاتییانی ئازاد و
کۆمەڵگای بەختەوەری کوردستان
بە گەڵاڵە، بەرنامە و
ستراتێژیی نوێ پێ بنێتە
قۆناخێکی نوێ لە خەبات و
تێکۆشانی نەتەوەیی.
پارتی
سەربەخۆیی کوردستان، تێکۆشان لە
پێناو بنیاتنانی یەکێتی
نەتەوەیی گشتگیر لە کوردستانی
مەزن بە یەکێک لە گرینگترین
ئەرکەکانی خۆی دەزانێت و ئەم
جارە بە نەخشەڕێی ڕزگاریی،
تیكۆشانی خۆی دەربازی
قۆناخێکی نوێ دەکات. لەم قۆناخە
نوێیەدا بە ئەرکی خۆمانی
دەزانین کە کۆمەڵگای کوردی
لەگەڵ گشت ئەو کەرەسانەی
کە ئێمە بە ئامانجی ڕزگاریی و
سەربەخۆیی دەگەیەنێت
ئاشنا بکەین و تێکۆشانی بێوچان
بکەین بۆ جێگیر کردنی
فەرهەنگی یەکبوون و تەبایی،
تێبکۆشین بۆ کۆتایی هێنان
بە فەرهەنگی دووبەرەکیی و
لێکدابڕان.
بەم ئومێدە کە
یەکگرتنی ئێمە ڕێخۆشکەر
بێت بۆ تەشەنە کردنی
یەکێتی زیاتر لە نێوان هەموو لایەنە
نەتەوەییەکان و بەم
هیوایە کە فەرهەنگی
تێکەڵ بوون و یەکگرتن جێگای
فەرهەنگی دابڕان و جیابوونەوە
بگرێتەوە کە ئەم دیاردە نیو
سەدەیە ڕێکخراوەکانی
وڵاتمان لێک دەترازێنێت و
گۆشەنشین دەکات. هیوادارین لە کورتماوەدا
ئێمە وەک نەتەوە ببین بە
خاوەنی کۆنگرەی ڕزگاریی،
دەوڵەتی ڕزگاریی، یاسای
بنەڕەتیی، ئارتەشێکی
ڕزگاریی نەتەوەیی کە
ئێمە لە خەونی ڕزگاریی و سەربەخۆیی
نزیک بکاتەوە.
دەبا ئەم یەکگرتنەی
ئێمە بانگەوازێک بێت بۆ
کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە
پێناو نەتەوەیەکی یەکگرتوو
بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە
سەرانسەری خاکی کوردستان و ژیاندنەوەی
ڕۆحی کۆماری کوردستان و بەدی
هێنانی خەونی سەربەخۆیی
پێشەوا قازی مەحەمەد. بەم
بۆنەوە بانگهێشتی هەموو لایەن و
ڕێکخراو و کەسایەتییە
ڕزگاریخوازەکان دەکەین بۆ ئەرک
هەڵگرتن لەگەڵمان بۆ بنیاتنانی
بزووتنەوەیەکی بەهێزی
ڕزگاریی و ژیاندنەوەی
هیوای وڵاتیكی سەربەخۆ و ئازاد
لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
بۆ پێشەوە بەرەو
تێکۆشانێکی بێئامان بۆ
ڕزگاریی کوردستان.
پارتی
سەربەخۆیی کوردستان
٣ی
گوڵانی ٢٧١٥ی كوردیی